15:29 | 2010/2/9 | shekha

ئه‌و، له‌هه‌ر شوێنێكی دنیا بێت، خۆی به‌خاوه‌نی سلێمانی ده‌زانێ. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م شیعری به‌سه‌ر باڵای شاره‌كه‌یدا نوسیوه. ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیر، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له‌وڵاتی سویده‌وه به‌ته‌واوه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، ناوبراو به‌شانازییه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه ناتوانێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بێ نیشتمانه‌كه‌ی بژی‌و ده‌ڵێت "ده‌شێت بۆ ماوه‌یه‌ك لێی دوور بكه‌ومه‌وه،
به‌ڵام ناتوانم بێ سلێمانی‌و كوردستان بژیم". له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ش، له ئێستادا كه له سلێمانی ده‌ژی تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ست به ئاسوده‌یی ده‌كات ده‌ڵێت"ناتوانم بڵێم له سه‌دا سه‌د، به‌ڵام تاراده‌یه‌كی باش ئاسوده‌م". ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی ئاوێنه‌كاندا باس له بیره‌وه‌ریه‌كانی ژیانی منداڵی‌و چۆنێتی سه‌فه‌ركردنی بۆ وڵاتی سوید‌و هۆكاری گه‌رانه‌وه‌شی ده‌خاته‌ڕوو.

یه‌كه‌مین بیره‌وه‌ری تاڵی منداڵی
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د له ساڵی 1967 له گه‌ره‌كی كانێسكانی شاری سلێمانی له‌دایكبوو، به‌ڵام خۆی پێیوایه له‌و كاته‌وه له‌دایكبوو كه ده‌ستی به‌شیعر نووسین كردووه.
یه‌كه‌م بیره‌وه‌ری ژیانی منداڵی ئه‌م شاعیره، یاده‌وه‌ریه‌كی تاڵه، ئه‌ویش كوشتنی كه‌سێكی دوكانداره كه ئه‌و، زۆرجار نقوڵو بسكیتیو شیرینی لێكڕیوه، چیرۆكی كوشتنی ئه‌و دوكانداره له‌و ده‌مه‌دا كاریگه‌ریه‌كی خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی ئه‌حمه‌د به‌جێ ده‌هێڵێ، له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو رۆژێك له گه‌ره‌كی كانێسكانی نزیك بازاڕی سلێمانی، كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك به‌ده‌م راكردنهوه هاوار ده‌كه‌ن (قڵیشایه‌وه)، ئه‌حمه‌دیش له‌و كاته‌دا خه‌ریكی یاریكردن ده‌بێت، كه گوێبیستی ده‌نگی خه‌ڵكه‌كه ده‌بێت، خێرا له سوچێكدا خۆی گرمۆڵه دهكاتو چاویشی ده‌چێته سه‌ر ئه‌و دوكانداره كه چۆن خێرا ده‌ڕابه‌ی دوكانه‌كه‌ی داده‌داته‌وه، له‌و كاته‌دا له‌لایه‌ن سه‌ربازێكه‌وه چه‌ند فیشه‌كێك ئاڕاسته‌ی سه‌ر سنگی دوكانداره‌كه ده‌كرێ‌و هه‌ر له‌وێدا گیان له‌ده‌ستده‌دات "ئه‌وه یه‌كه‌م دیمه‌نی كوشتن بوو كه دیم‌و هه‌رگیزیش بیرم ناچێته‌وه".
ئه‌و هه‌رچه‌نده شه‌شه‌مین منداڵی خێزانه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام تاقانه‌یه‌و له دوای پێنج كچ له‌دایكبووه، هه‌ر بۆیه‌ش خزمێكی خۆیان زۆر هه‌وڵ ده‌دات ناوی بنێ (شوانه)، به‌ڵام باوكی رێگر ده‌بێت "باوكم خۆی كه‌سێكی دیندار بوو، هه‌ر بۆیه ئه‌و ناوه‌شی لێناوم". 
قوتابخانه شوێنی په‌روه‌رده‌و فێركرن یان لێدان‌و زیندانی كردن
ئه‌حمه‌د سه‌ره‌تای خوێندنی له قوتابخانه‌ی (گۆران) ی سه‌ره‌تایی خوێندووه، ئه‌ویش وه‌ك به‌شێك له منداڵانی ئه‌و سه‌رده‌مه، زه‌برو زه‌نگی قوتابخانه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه حه‌زی خوێندنی تێدا مراندووه "هه‌ندێ له قوتابخانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، هه‌ر به‌ڕاستی له زیندان ده‌چوو، زۆرێك له مامۆستایان داره‌كانی ده‌ستیان پێش خۆیان ده‌هاته ژووره‌وه ئه‌وانه، نه‌ك هه‌ر پهروهردهكهرو وانه بێژ نه‌بوون، به‌ڵكو زیاتر له جه‌لاد ده‌چوون، هه‌تا جنێویان به خانهوادهكانیشمان ده‌دا".
نه‌ك هه‌ر هه‌ندێ له مامۆستاكانی، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌حمه‌د له‌لایه‌ن هاوپۆڵهكانی خۆشیه‌وه لێدانی خواردووه، ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه زۆرجار له‌لایه‌ن دوو براوه كه ئێستاش بوونه‌ته براده‌ری زۆر خۆشه‌ویستی خۆی، شه‌ڕی پێفرۆشراوه، ئه‌ویش به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی مه‌به‌ستی بووبێت، تۆڵه‌ی كردۆته‌وه "رۆژێكیان یه‌كێكیان خلیسكێنه‌ی ده‌كرد، منیش به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم بێ قاچم به‌ر قاچی كه‌وت، یه‌كسه‌ر كهوتمو سه‌رم شكا، ئه‌وی تریشیان به‌هه‌مان شێوه حاڵه‌تێك روویدا سه‌ری ئه‌ویشم شكاند، ئیتر مامۆستا هات وتی تۆ سه‌ری دوو برا بشكێنی شایه‌نی ئه‌وه‌ی لێدانێكی باش بخۆی ئیتر ئه‌ویش لێیدام"، به‌بڕوای ئه‌حمه‌د، نه‌ك قوتابخانه به‌ڵكو ژینگه‌ی كۆڵان‌و یاریه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، كه‌شێكی له‌بار بوون بۆ پهردوهردهكردنی منداڵان به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژی، ئه‌و، ئاماژه به‌یارییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی خۆی ده‌كات، كه زۆرینه‌یان به‌زیان گه‌یاندن به‌جه‌سته‌ی منداڵان كۆتایی هاتووه "شه‌ڕه گهرهكو فڕیوه‌و چه‌نده‌ها یاری تریش تۆوی رقیان له‌ده‌روونی منداڵاندا ده‌چاند".
تاقانه‌یه، به‌ڵام وه‌ك تاقانه‌یه‌ك نازی نه‌كێشراوه
حه‌زی شیعر له‌لای ئه‌حمه‌د، هه‌ر له‌و كاته‌وه دروستبوو كه له دوكانه‌كه‌ی باوكی‌دا گوێبیستی به‌رنامه‌ی شیعری (هه‌وارگه‌ی دڵان)ی رادیۆی كرماشان بوو"له‌و سه‌رده‌مه شوكورڵای بابان شیعره‌كانی ده‌خوێنده‌وه، هه‌موو جارێك كه به‌رنامه‌كه ده‌ستی پێده‌كرد بێده‌نگ به‌دیاریه‌وه داده‌نیشتم". ئه‌حمه‌د ته‌مه‌نی سیانزه ساڵان ده‌بێت كه باوكی به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایی ده‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش وه‌ك تاقانه‌یه‌ك هه‌رگیز نازی نه‌كێشراوه.
بینایی چاوه‌كانی، نامه‌ی لێوه‌رناگرێ
دروستبوونی حه‌ز بۆ ره‌گه‌زی بهرامبهرو یه‌كه‌م ئه‌وین له‌لای ئه‌حمه‌د، له‌قۆناغی خوێندنی ناوه‌ندی دروستبوو، له‌و قۆناغه‌دا كه له ناونده‌ی (كانێسكان) بوو، رۆژانه كچێكی هاوته‌مه‌نی خۆی سه‌رنجی راده‌كێشێ پاش ماوه‌یه‌ك بڕیار ده‌دات به‌نامه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ئه‌و كیژه ده‌ربڕێ، له‌سه‌ره‌تای نامه‌كه‌شدا ده‌نووسێ "بۆ بینایی چاوه‌كانم... له هه‌موو شتێك به‌نرختر"، به‌ڵام كچه‌كه نامه‌كه وه‌رناگرێ، ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه كۆتایی به‌و عشقه یه‌كلایه‌نه ده‌هێنێ.
له ساڵی 1985 له‌به‌ر ناخۆشی بارودۆخی سیاسی ئه‌و ده‌مه، ئه‌حمه‌د ده‌چێته كوردستانی رۆژهه‌ڵات بۆ ماوه‌یه‌ك له شاری سنه نیشته‌جێ ده‌بێت، پاشان ده‌چێته شاری تاران، له ناوه‌راستی ساڵی هه‌شتاوهه‌شتدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان، له پاش ئه‌وه‌ش هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌ڵێت له ژێر فشاری دایكی‌دا ژن ده‌هێنێ "به‌شێوه‌یه‌كی ته‌قلیدی ژنم هێنا، هیچ جۆره خۆشه‌ویستیه‌ك له نێوانماندا نه‌بوو، به‌هه‌ر حاڵ پێكه‌وه نه‌گونجاین، هه‌ر بۆیه پاش كه‌متر له ساڵێك پێكه‌وه ژیان لێك جیابوینه‌وه، به‌ڵام كوڕێكم له‌و ژنه‌م هه‌یه، ئێستا ته‌مه‌نی 19 ساڵه‌و له‌گه‌ڵ خۆم ده‌ژی، تائێستاش ژیانی هاوسه‌ریم دروست نه‌كردۆته‌وه".
شیعری (ته‌مه‌ن) بۆ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم كابان نه‌نوسراوه
شیعری ته‌مه‌ن كه هونه‌رمه‌ند (كه‌ریم كابان) كردویه‌تیه گۆرانی، یه‌كێكه له‌و شیعرانه‌ی كه ئه‌حمه‌د هه‌میشه شانازی پێوه دهكاتو زۆرجار خودی خۆشی گریاندووه، له ناو هه‌ندێك له خه‌ڵكیدا وا بڵاوه كه ئه‌و شیعره به‌تایبه‌ت بۆ هونه‌رمه‌ندی ناوبراو نوسراوه، به‌ڵام ئه‌حمه‌د ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له‌ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا ئه‌و شیعری نوسیووه‌و ده‌ڵێت "ئه‌و شیعرم له‌سه‌ره‌تای لاوی‌دا نوسیوه، سوپاس بۆ مامۆستا كه‌ریم كابان حه‌قی ته‌واوی به‌و شیعره داوه"، به‌هه‌مان شێوه شیعری (له روخساری من مه‌ڕوانه)، یه‌كێكی تره له شیعره به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌م شاعیره، ته‌نها شیعرێكیشه كه خۆی داوێتیه هونه‌رمه‌ند (دیاری قه‌ره‌داغی) تا بیكاته گۆرانی "سوپاسی كاك دیاری به‌راستی ئه‌و شیعری نه‌مر كردووه".
ئه‌م شاعیره هه‌روه‌ك خۆی باسی ده‌كات، حه‌زی به‌نوسینی شیعر نییه، بۆ بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت، ته‌نها دوو بۆنه كه شیعری بۆ نووسی بێت هه‌ردوو كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفاله "ئه‌و دوو كاره‌ساته‌ش زۆر له‌وه گه‌وره‌ترن كه من بتوانم به‌چه‌ند شیعرێك حه‌قی خۆیان پێبده‌م".
ناوبراو پێیوایه هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان غه‌در له شیعره‌كانی ده‌كه‌ن، نموونه‌شی به (ئه‌ژده‌ر وه‌هبی) هێنایه‌وه، كه یه‌كێك له شیعره‌كانی كردۆته گۆرانی، به‌ڵام ناوی ئه‌وی له‌سه‌ر گۆرانیه‌كه نه‌نووسیوه "بۆیه داواكارم له ئه‌ژده‌ر وه‌هبی له‌مه‌ودوا شیعری من نه‌كاته گۆرانی".
هۆكاری چییه ژیانی هاوسه‌ری دروست ناكات؟
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش، چۆنه تائێستا بڕیاری دروستكردنه‌وه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیری نه‌داوه، ئه‌و مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ دروستكردنی ژیانی هاوسه‌ری (خۆشه‌ویستی) ده‌كاته پێوه‌رو ده‌ڵێت "جوانترین دیاری، خوا بۆ مرۆڤ پێدانی عهشقو خۆشه‌ویستیه، بێ خۆشه‌ویستیش خێزان دروست نابێت، ئایا كێ له ئێستا ئه‌و دیاریه جوانه پێشكه‌ش بهمن بكات؟ تا من خێزانی له‌گه‌ڵ دروست بكه‌م، به‌راستی من كه‌سێكم ده‌وێ له شیعرێكم بچێ، هێنده‌ی شیعرێكم جوان بێت، به‌قه‌ده‌ر شیعرێكم راستگۆ بێت، تائێستاش كه‌سێكی وه‌ها نه‌بووه".
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیر، سه‌فه‌ركردنی گه‌نجان بۆ ده‌ره‌وه وڵات، به حاڵه‌تێكی ئاسایی ناو دهباتو هیواداریشه هه‌موو گه‌نجێكی كورد بۆ زه‌مه‌نێك ئه‌زموونی ژیانی تاراوگه ببینێ‌و بشگهرێتهوه كوردستان "سه‌فه‌ركردن، به تایبه‌ت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌شێك له بنیاتنان له هه‌موو كه‌سێكدا دروست ده‌كات، بۆیه هیوادارم هه‌موو گه‌نجێك، ئه‌و ئه‌زموونه ببینێ"، سه‌باره‌ت به گه‌رانه‌وه‌ی خۆی بۆ كوردستان‌و ئاستی خۆشه‌ویستی بۆ شاره‌كه‌ی ده‌ڵێت "من له هه‌ر شوێنێكی دنیا بم، خۆم به خاوه‌نی سلێمانی ده‌زانم، له كاتێكدا شوێن كاشییهكیشم نییه له‌م شاره‌دا، كه‌چی به‌قه‌در گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌داری خه‌می ئه‌م شاره‌مه، به كورتی ناتوانم بێ سلێمانی‌و كوردستان بژیم، ئه‌شێ بۆ ماوه‌یه‌ك لێی دووربكه‌مه‌وه، به‌ڵام بێ سلێمانی ژیان به‌راستی سه‌خته، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌ی نییه كه له ئێستادا له سلێمانی هیچ كێشهیهكهم نییه‌و سه‌د له‌سه‌د ئاسووده‌م".
ئه‌و شیعرانه‌ی له وڵاتی غه‌ریبی نووسران
ئه‌و ماوه‌یه‌ی له وڵاتی سوید بوو، ئه‌حمه‌د كۆمه‌ڵێك شیعری نوێی نووسیوه، خه‌یاڵی زۆرێك له‌و شیعرانه‌شی له‌كاتی سه‌فه‌ركردندا بۆ هاتووه، ئه‌حمه‌د لهیهكێكه له گه‌شته‌كانیدا به قیتار ده‌چێته شارێكی تر له‌ناو قیتارهكهدا چاوی به‌كۆمه‌ڵێك گه‌نج ده‌كه‌وێ، هه‌ر له‌وێدا گه‌نجێتی خۆی‌و هاوڕكانی بیر ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌و ده‌ڵێت"گه‌نجێتی ئێمه، راكردن‌و فیراریو هه‌زار ده‌ردی سه‌ری تر بوو، به‌راستی هه‌ر به‌راورد ناكرێ به‌ژیانی گه‌نجانی ئێستا" ئه‌و، كه ده‌گه‌ڕێته‌وه له سه‌فه‌ره‌كه‌ی هه‌ر به‌و خه‌یاڵه‌وه شیعری رێی باران ده‌نووسێ "ئه‌و شیعره‌یه كه كاك دیاری قه‌ره‌داغی له‌م كۆنسێرته‌ی رابردوودا كردیه گۆرانی".
بینینی جه‌مال غه‌مبارو داریوش له سوید
هه‌ر ئه‌و كاته‌ی له سوید بووه، ئه‌حمه‌د پاش چه‌ندین ساڵ دابڕان، له‌نزیكه‌وه چاوی به‌جه‌مال خه‌مبار شاعیر ده‌كه‌وێ "كه قژه ماش‌و برنجیهكهیم بینی ئاگرم تێبه‌ر بوو، دڵی پڕ پڕ بوو له گریان، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه ناخی پڕه له گریان". هه‌ر له‌و گه‌شته‌یدا بۆ سوید جه‌مال خه‌مبار كۆڕێكی شیعری ده‌گرێت، ئه‌حمه‌د له‌وه‌سفی ئه‌و كۆڕه‌دا ده‌ڵێت "كاك جه‌مال له‌به‌ر گریان شیعری بۆ نه‌ده‌خوێندرایه‌وه، نه‌ك هه‌ر خۆی زۆرینه‌مان ده‌گریان، هه‌تا سه‌رگوڵ عه‌زیزی كه شاعیرهیهكی كوردستانی رۆژهه‌ڵاته به‌پێكه‌نینه‌وه وتی ئه‌رێ ئه‌م خه‌ڵكی سلێمانیه بۆ كه چاویان به‌یه‌ك ده‌كه‌وێ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌گریان".
بینینی هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی ئێرانی داریوش، له‌وڵاتی سوید، یه‌كێكی تره له‌و حاڵه‌تانه‌ی كه ئه‌م شاعیره‌ی له وڵاتی غه‌ریبیدا بۆ چه‌ند ساتێك ئاسووده كردووه، ئه‌و ده‌ڵێت "هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گه‌نجیمه‌وه، عاشقی ئه‌و هونه‌رمه‌نده بووم، خۆشبه‌ختانه، نه‌ك هه‌ر بینیم، به‌ڵكو بۆ ماوه‌یه‌كی باشیش پێكه‌وه دانیشتین‌و گفتوگۆمانكرد، به‌راستی كه‌سێكی زۆر ساده‌و مته‌وازع بوو".
هاوكات ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د گلییهكی زۆر له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، به‌وه‌ی تائێستا نه‌ك هه‌ر كتێبێكیان بۆ چاپ نه‌كردووه، به‌ڵكو دهستخۆشیهكیشیان لێنه‌كردووه "نه‌ك هه‌ر له من زۆر كه‌سی به‌توانایان فه‌رامۆش كردووه" له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌دا ئه‌حمه‌د باس له وه‌زیری پێشووی رۆشنبیری سوید ده‌كات كه چۆن پێشوازی لێكردووه "براده‌رێك شیعرێكی منی بۆ وه‌زیری پێشوی رۆشنبیری سوید تهرجومهكرد بوو، ئه‌ویش داوای بینینی منی كردبوو، ئه‌وه بوو بینیم زۆر رێزی گرتم، هه‌تا بۆ چه‌ند كاتژمێرێك پێكه‌وه پیاسه‌مان كرد‌و له ڕێستۆرانتێكدا میوانداریهكی باشی كردم، به‌رپرس ده‌بێت به جۆره هه‌ڵسوكه‌وت بكات، نه‌ك به حه‌وت عه‌ریزه نه‌گه‌یته لای". ئه‌حمه‌د سوپاسی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی دووباره دیوانه شیعریهكهیان بۆ چاپكردۆتهوه "سوپاسیش بۆ كاك باست حمه غه‌ریب كه كۆمه‌ڵێك شیعری تری له‌سه‌ر سیدی بۆ خوێندومه‌ته‌وه‌و له‌م ماوه‌یه‌دا بڵاوده‌كرێته‌وه".
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ش ئایا وه‌ك شاعیرێك به‌كام له شاعیرانی تر سه‌رسامه ده‌ڵێت"له نه‌وه‌ی رابردوو به نالی‌و هێمنو گۆران‌و هه‌ردی سه‌رسامم، له‌وانه‌ی ئێستاش مامۆستا شێركۆ بێكهسو به‌ختیار عه‌لی".
سازدانی: ئاسۆ سه‌راوی
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له‌ژماره 22ی گۆڤاری ئاوێنه‌كان له‌به‌رواری 15/3/2009 بڵاوكراوه‌ته‌وه
لة سايتى ئاوينة وةركيراوة
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ
دواترین | په‌ڕگه‌ی 45 له 209 | په‌ڕگه‌ی ڕابردوو





































